ماملێ: مامۆستای قه‌تاری كوردی

س. چ هێرش


( وه‌رزی زستانه، زه‌وی وه‌ك ئاشقێكی چاو له‌ڕێماوی گراوی له جێژوان تۆراو، له ژێر گومبه‌زی ئاسمانی به په‌رده‌ی سپی داپۆشراو، مات و سه‌رسوڕماو، سه‌ری ده‌به‌ر خۆيه‌وه‌ ناوه و ده‌ناڵێنێ.

سه‌هۆڵبه‌ندانه‌، خۆر وه‌ك شۆخێكی دڵشكاوی له‌ ياردابڕاو، جارجار به‌ ناز و نيونازێكه‌وه له سووچێكی ئاسمان، به‌ نيگايه‌كی سيحراوی له زه‌وی ڕاده‌مێنێ.

وه‌رزی زستانه، له حاڵێكدا ئاسمان، چاو به گريان، كڵوكڵو فرمێسكی خه‌م و په‌ژاره‌ به سه‌ر مه‌ڵبه‌ندی موكريان داده‌بارێنێ، گومبه‌زان مه‌كۆی خۆشه‌ويست و حه‌زان، ئارا و قه‌راری نامێنێ، گۆيا ڕاسپارده‌ی ئاشقان هه‌واڵی هاتنی ميوانێكی ئازيز ـ ماملێ ـ ی پێ ڕاده‌گه‌يێنێ..

وه‌رزی زستانه‌، هه‌رچی مه‌ل و بولبولی باخ و گوڵزارن، له هێلانه‌ی كپی مه‌لاومه‌ل له‌ ته‌نيايی، چاوه‌ڕوانی ديمانه‌ی گوڵ و هاتنی به‌هارن … ). 1

دياره حه‌وجێ به گوتن نييه كه لێزانان و شاره‌زايانی بواری مۆسيقا و گۆرانی، ده‌بێ سه‌باره‌ت به‌ محه‌مه‌دی ماملێ بدوێن و قسه بكه‌ن، نه‌ك منێكی له‌و باره‌دا كڵۆڵ و هڵۆڵ، به‌ڵام چار نييه و هه‌رچۆنێك بێ، له سه‌ر داوای هونه‌رمه‌ندی ده‌ستڕه‌نگين و به‌هره‌مه‌ندی مۆسيقا كاك چيا (بۆ ماڵپه‌ڕه‌ خنجيلانه‌كه‌ی) چه‌ند گوته‌يه‌ك پێشكێش به‌ لايه‌نگرانی ده‌نگی به سۆزی مامۆستای قه‌تار ماملێ ‌ی نه‌مر ده‌كه‌م.

محه‌مه‌دی ماملێ، كوڕی ميرزا سه‌عيدی ماملێ(مام عه‌لی) له‌ ساڵی 1304ی هه‌تاوی(1925ز) له بنه‌ماڵه‌يه‌كی كاسبكار و هونه‌رمه‌ند و نيشتمانپه‌روه‌ر، له‌ گه‌ڕه‌كی هه‌رمه‌نييانی مهاباد له‌ دايك بوو. ميرزا سه‌عيد هه‌رچه‌ند نه‌خوێنده‌وار بووه، به‌ڵام به هۆی هونه‌ری ده‌نگخۆشی و مه‌قامزانی و شێعرخوێنی(به‌تايبه‌ت وه‌فايی) له كۆڕ و كۆزيلكه‌ی عارفانه‌ی خانه‌قای شه‌مزينان، ڕێز و حورمه‌تێكی زۆری لێ گيراوه و، له گه‌ڕه‌ك و ده‌ر و بازاڕ به‌ ميرزا ناوی براوه.

هه‌روه‌ك له‌ زۆر كه‌سی به‌ته‌مه‌نی ناوچه‌ی موكريان بيستراوه، سه‌عيدی ماملێ ده‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی به‌نێوبانگ سه‌ييد عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی (1882-1937) كه له ساڵی 1932دا هاتووه‌ته موكريان و له باغی ميرزا شه‌ريفی حاجی ڕه‌شيد، بۆ خه‌ڵكی مهاباد گۆرانی گوتووه، به‌شدار بووه‌. محه‌مه‌د حه‌مه‌باقی نووسه‌ری كتێبی (سه‌ييد عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی) ده‌ڵێ: (حاجی غه‌نی چايچی بۆمی گێڕايه‌وه كه‌ جگه له سه‌عيدی ماملێ، سێ گۆرانيبێژی تری مهابادی، به ناوی عه‌بدوڵلا ڕه‌ش، كه‌وێ جوو و حسه‌ينی قاقی گۆرانييان له‌گه‌ڵ سه‌ييددا وتووه. سه‌ييد له ڕاده‌به‌ده‌ر ڕێزی بۆ ئه‌م گۆرانيبێژانه داده‌نا؛ به‌تايبه‌تی بۆ سه‌عيدی ماملێ(1877-1941).. له‌م باره‌يه‌وه محه‌مه‌دی ماملێ، دوای نيوه‌ڕۆی ڕؤژی 20-8-1988ز، له‌ ماڵی خۆيان بۆمی گێڕايه‌وه‌ كه‌ هه‌ر جاره‌ی سه‌عيدی ماملێ به‌ندێكی خۆشی گۆرانييه‌كی وتووه؛ سه‌ييد له‌ جێی خۆی هه‌ڵساوه و ناوده‌می سه‌عيدی ماملێ ی ماچ كردووه‌). 2

محه‌مه‌دی ماملێ، خۆی له‌ باره‌ی ميرزا سه‌عيدی باوكيدا گوتوويه‌: ''بابم نه‌خوێنده‌وار بوو و له‌ نێو بازاڕدا دوكانێكی چكۆڵه‌ی خوری فرۆشتنی هه‌بوو. ئێمه‌ شه‌ش كوڕ و كچێك بووين.. بابم، هه‌ر به‌ گشتی تايفه‌ی ئێمه‌ تايفه‌ی گۆرانيبێژانه‌. بابم زۆربه‌ی ئه‌و گۆرانييانه‌ی كه‌ ئه‌منيش ده‌يانڵێمه‌وه، بۆ خۆی دايناون و ئاهه‌نگی خستوونه‌سه‌ر. نه‌يتوانيوه سازێك لێ بدا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سازژه‌نی خۆی هه‌بووه‌. ئه‌و له‌ هه‌موو گۆرانييه‌كی زياتر حه‌زی له‌ گۆرانی ئايينی و دڵداری بوو.‘‘ 3

هه‌ر‌چه‌ند بنه‌ماڵه‌ی ماملێ به‌ تێكڕايی هونه‌رمه‌ند و ده‌نگخۆش و گۆرانيبێژن، به‌ڵام محه‌مه‌دی ماملێ هونه‌رمه‌ندێكی ده‌گمه‌ن و هه‌ڵكه‌وته بوو كه‌ له‌ دوای ميرزا سه‌عيدی باوكی و هه‌روه‌ها ميرزا حوسێن(1915-1952)ی برای كه ده‌ساڵێك له‌ خۆی گه‌وره‌تر بووه، توانی وه‌ك به‌رپرس و نوێنه‌ری هونه‌ريی ئه‌و بنه‌ماڵه‌يه‌، بۆ ماوه‌ی په‌نجا ساڵ، مه‌قام و گۆرانی كوردی بره‌و و ڕه‌واج پێبدا.

حاميدی كاكيلی يه‌كێك له‌ نيزيكترين دۆستانی محه‌مه‌دی ماملێ له‌و باره‌يه‌وه ده‌ڵێ: ''ناكرێ بڵێين بنه‌ماڵه‌ی ماملێ له‌ چ كاتێكه‌وه و له كوێ ڕا ده‌ستيان پێكردووه. ئه‌وانه ژن و پياويان ده‌نگخۆش بووه وه‌ك ماسی وابوون هه‌ر وه‌ختێكی ده ئاو هاويشتراون مه‌له‌وان بوون. محه‌مه‌ديش هه‌روه‌تر ناتوانين بڵێين به‌ چ ئاهه‌نگێك و له كوێ ڕا ده‌ستی پێكردووه. ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌و بنه‌ماڵه كه له كوردستانی عێراق نيشته‌جێن ده‌نگيان خۆشه. به گشتی ئه‌و بنه‌ماڵه‌يه‌، له‌ مام عه‌لی و مام سه‌عيد ڕا بگره‌ هه‌تا ميرزا حوسێن و محه‌مه‌د و ئه‌وانی تر به‌ هۆی ده‌نگه‌كه‌يانه‌وه ده‌گه‌ڵ هه‌موو به‌زم و خۆشيی و مه‌جليسێكی ئه‌و شاره‌ و ئه‌و ناوچه‌يه‌ تێكه‌ڵاو بوون به‌تايبه‌ت ئه‌وده‌م كه وه‌ك هێستا مه‌حدودييه‌ت نه‌بوو.‘‘ 4

له‌وانه‌يه‌ كه‌سێك يان كه‌سانێك ده‌نگی هونه‌رمه‌ندێكيان به دڵ نه‌بێ، ئه‌وه شتێكی سروشتی يه و، ماملێش له‌و ديارده‌يه‌ ئاوارته ناكرێ. به‌ڵام زۆر كه‌س له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن كه ماملێ بێجگه له كه‌سايه‌تی كۆمه‌ڵايه‌تی و كوردايه‌تی خۆی، هونه‌رمه‌ندێكی به‌وه‌ج و ڕه‌سه‌ن و خاوه‌ن قوتابخانه‌يه‌. هه‌ر له‌ سه‌رده‌می منداڵيمه‌وه‌ له‌ زۆر كه‌سی به‌ته‌مه‌نم ده‌بيست كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ماملێ ده‌يانگوت: (زۆر به جێ و ڕێ گۆرانيان ده‌ڵێ). ڕاسته‌، ده‌نگخۆشيی به‌هره‌يه‌كی خودادايی و دايكزايی يه، به‌ڵام با بزانين چ شتگه‌لێك محه‌مه‌دی ماملێيان به‌و پله‌يه‌ گه‌ياند و نێويان له‌ سه‌ر چڵه‌پۆپه‌ی هونه‌ری مه‌قام و گۆرانی كورديی نه‌خشاند.

ماملێ هه‌ر له سه‌رده‌می لاوييه‌وه وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ئازاديخوازی خاوه‌ن ڕازونيازی خه‌ڵكنه‌واز، ده‌ركه‌وتووه‌ و به‌ پێی ئه‌ركی كۆمه‌ڵايه‌تی و كوردايه‌تی، خۆی پێگه‌ياندووه. له‌گه‌ڵ هيچ داروده‌سته‌ و تاقمێكی سه‌ره‌ڕۆ و زۆردار دانووی نه‌كوڵاوه و، له‌ ئه‌سته‌مترين قۆناخه‌كانی ژياندا، وه‌ك بولبولێكی خوشخوێن، سه‌ری له‌ هه‌موو هه‌وار و كوێستانه‌كانی كوردستان داوه و، مزگێنی شادی و ئازادی بۆ ڕێڕه‌وانی ئه‌وين هێناوه. له ڕۆژانی فه‌رعانه‌دا، به‌ به‌سته و ئايئايه، به‌زم و ئاهه‌نگی هاوقه‌تارانی ڕازاندۆته‌وه، له ڕۆژانی ته‌نگانه‌شدا به‌ قه‌تار و لايلايه‌ خه‌ڵكی لاواندۆته‌وه‌. ماملێ، بێجگه‌ له كوردايه‌تی، سه‌ربازی هيچ ڕێبازێكی ئيده‌ئۆلۆژی نه‌بوو، ئه‌و ته‌نيا گيانبازی گه‌له‌كه‌ی بوو.

له‌ زۆربه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتی سياسی له‌ ده‌ست تاقمێكی خۆبه‌خودازانی هيچنه‌زان دايه‌، زۆر به ‌ده‌گمه‌ن هه‌ڵده‌كه‌وێ كه‌ هونه‌رمه‌ند بتوانێ له‌نگه‌ری خۆی له نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵكدا ڕابگرێ و به پووڵ و پاره هه‌ڵنه‌فریوێ و هه‌تڵه نه‌بێ؛ ماملێ چ وه‌ك كه‌سايه‌تی كۆمه‌ڵايه‌تی و چ وه‌ك كه‌سايه‌تی هونه‌ری، هه‌م له‌ ڕێژيمي پاشايه‌تی(ڕه‌زاخان 1925ـ1941 و حه‌مه‌ڕه‌زا په‌هله‌وی1941ـ1979) دا و هه‌م له‌ ڕێژيمی مه‌لايه‌تی(1979ـ...؟) دا، توانی به‌ شێوه‌يه‌كی گونجاو، نه‌ ته‌نيا ئه‌و له‌نگه‌ره ڕابگرێ، به‌ڵكه وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ئازاديخواز و گه‌لنه‌واز له ساڵی 1347(1968) زيندانيش بكرێ. به‌ ڕاشكاوی ده‌توانين بڵێين كه‌ ماملێ له بارودۆخێكی زۆر تايبه‌تيی كوردستاندا، وه‌ك سيمبۆلی نواندنی به‌شێك له فه‌رهه‌نگی خۆڕاگری و سه‌رزيندوويی گه‌لی كورد كه‌ له زۆربه‌ی گۆارانييه‌كانيدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، هه‌ميشه‌ چقڵێك بووه‌ له چاوی نه‌ياران و دژبه‌رانی گه‌له‌كه‌ی. هه‌ربۆيه‌ش، هه‌ر به‌سته‌ و گۆرانييه‌كی كه‌ ماملێ ده‌يگوت و ده‌يخوێند، بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێ چ مه‌به‌ست و ڕه‌مز و ڕازێك له گۆرانييه‌كانيدا حه‌شاردراوه، له لايه‌ن ساواكی مهاباده‌وه، به وردی سه‌رنجی ده‌درايه‌. هه‌ڵبه‌ت ماملێ ش ئه‌و كه‌سه‌ نه‌بوو كه بێ گودار له ئاو بدا و له خۆڕا بيانوو بداته ده‌ست ساواك، زۆر عاقڵانه‌ و هونه‌رمه‌ندانه‌ هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌كرد و به شێوه‌يه‌كی زۆر مه‌نتيقی ته‌قييه‌ی هونه‌ريی به‌كارده‌برد.


به‌شی دووهه‌م

1- كؤچي دوايی هونه‌رمه‌ندی ناوداری كورد: محه‌مه‌دی ماملێ، س.چ هێرش، گزينگ، ژ 22، 1999، ل8 .
2- سه‌ييد عه‌لی ئه‌سغه‌ری كوردستانی، محه‌مه‌د حه‌مه‌باقی، چاپی يه‌كه‌م 1988، ل122و123.
3- تاوێ ده‌گه‌ڵ ماملێ، هێلا شلومبێرگێر، و: هێدی، گزينگ، ژماره3، به‌هاری 1994، ل47.
4- يادی به‌خێر، هيوا قاره‌مانی، نه‌شری ره‌هره‌وی مهاباد، ساڵی چاپی هه‌وه‌ڵ:1378، ل 22و23.