| تایبه‌تمه‌ندێتی بنه‌مایه‌كی گرینگه كه هونه‌رمه‌ند ئه‌گه‌یه‌نێ به سه‌ركه‌وتن و ناساندن، به‌ڵام پاراستنی سه‌ركه‌وتن كارێكی ئاسان نیه چوونكه هیلاك بوون و له‌خۆ بوردن و خه‌مخۆری ده‌وێت. سه‌ركه‌وتنی هونه‌رمه‌ند پابه‌نده به نوێخوازی و به‌رده‌وام بوون و چوونه ناو جیهانی شێعر و ئه‌ده‌به‌وه. ماملێ‌ی هونه‌رمه‌ند زۆر به وریایی پارێزگاری له‌و تایبه‌تمه‌ندێیه‌ی خۆی كردوه و مرۆڤێكی له‌خۆ بردوو خه‌مخۆری هونه‌ره‌كه‌ی خۆی بوه و خوێنده‌وارێكی باشی شێعری كوردی بوه. هه‌ر بۆیه له نێو ئه‌و بنه‌ماڵه هونه‌ریه‌ی كه تێیدا په‌روه‌رده بوه و كه زۆربه‌یان ده‌نگیان نزیك بوه له یه‌كدی، ئه‌و به ته‌نها قه‌باره‌یه‌كی گه‌وره‌ی له نێو ئاواز و مۆسیقای كوردی دا داگیر كردوه‌و بۆته یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده پێشه‌نگانه‌ی میلله‌ته‌كه‌مان كه بۆ داهاتوو وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی هونه‌ری سوودی لێوه‌ر‌بگیرێ. من ده‌مهه‌وێ لێره‌داباسی هێندێ لایه‌نی هونه‌ری ئه‌م هونه‌رمه‌نده بكه‌م. ماملێ ئه‌و وشانه‌ی كه له هۆنراوه‌ی ئاوازێكی دا ده‌یچڕێ له كانی دڵێه‌وه زۆر به ڕاستگۆیانه هه‌ڵده‌قوڵێ و وشه‌كان جوان و ڕه‌وانن. هه‌ستی ده‌ربڕینی ئه‌وه‌نده به‌هێزه، گوێگر ئه‌خاته نێو جیهانی خه‌یاڵ و ئه‌ندیشه‌وه كه به یاده‌وه‌رێكانێوه ئاوێته ده‌بێ. ئه‌و له‌ره‌یه‌ی له گه‌رووی دا كه به كاری دێنێ له كاتی گۆرانی ووتند،ا زۆر دڵگیر و كوردانه و ڕه‌سه‌ن دێته به‌ر گوێ. هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر گوڵبژێرێك بكه‌ین به‌نێو ئه‌و گۆرانیانه‌دا كه ئاوازه‌كانی له نه‌ته‌وه‌ی دراوسێكانی وه‌رگرتوه، وا هه‌ست ده‌كه‌ین كه ئاوازێكی كوردییه. ماملێ ڕۆڵێكی گرینگی هه‌یه له پاراستن و زیندوو كردنه‌وه‌ی گۆرانی فۆلكلۆرییه‌كانی به‌شی ناوچه‌ی مووكریان. ئه‌و هونه‌رمه‌نده له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌سێك بووه زانیاری له زانستی موسیقا دا نه‌بوه به‌ڵام خاوه‌نی هه‌ست و گوێیه‌كی زۆر به‌هێزی مۆسیقا بووه. زۆر له‌و ئاوازانه‌ی كه ووتوویه‌تی له په‌رده‌یه‌كی به‌رزه‌وه ده‌ست پێ ئه‌كاكه ده‌نگی هه‌شته‌می ده‌نگی بنه‌مایه، كه به زاراوه‌ی مۆسیقا پێی ده‌ڵێن "هۆكتاف". بۆ نموونه گۆرانی "نیو‌ه شه‌وه دنیا خامۆش"ی كه له پله‌ی به‌رزی ده‌نگی بنه‌ماوه ده‌ست پێ ئه‌كا، له هه‌ندێ به‌شی گۆرانیه‌كه دا به ده‌نگێكی گڕ هه‌مان ئاوازی گۆرانیه‌كه دووباره ئه‌كاته‌وه به بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به هیچ ئاوازه و شێوانێكی ده‌نگی بكرێت. هونه‌رمه‌ند ماملێ هه‌میشه خه‌مخۆری بابه‌تێك بوو له زۆر یه‌كتری بینینمان دا ئه‌وه‌ی دووباره ده‌كرده‌وه و ده‌یگووت تكایه‌كم هه‌یه له هه‌موو قه‌ڵه‌م به ده‌ستان و ئه‌و كه‌سانه‌ی شاره‌زاییان هه‌یه له موسیقا، هه‌وڵێك بده‌ن نێوی كوردی له‌و مقامانه بنێن كه نه‌ته‌وه‌كانی تر به زمانی خۆیان نێویان لێ ناوه. بۆ نموونه نێوی "مقام" یان "ده‌زگا" نێوێكی كوردی هه‌بێ یان له بری نێوی ئه‌م مقامانه وه‌ك "حیجاز، ماهوور، ئه‌سفه‌هان، نه‌هاوه‌ند، عه‌جه‌م..." نێوێكی جوانی كوردی هه‌بێ، ئه‌م كاره‌ش زیاتر ئه‌و كه‌سانه ده‌توانن به ئه‌نجامی بگه‌یه‌نن كه پسپۆڕن له زمانی ك وردی دا |
|